Dr. Abdurrahman Ahmad Wahab
Tishk International University
A Short Bio / زانیاری کەسیی / سيرة ذاتية قصيرة :
“عەبدوڕەحمان ئەحمەد وەهاب بڕوانامەی دکتۆرای لە کۆمەڵناسی و سیاسەتی پەروەردەیی لە زانکۆی تۆرۆنتۆ لە کەنەدا بە دەست هێناوە. لە ڕێی بەرنامەی فوڵبڕایتەوە لە ئەمەریکا بڕوانامەی ماستەری لە ئەدەبی ئینگلیزی وەرگرتووە. توێژینەوەکانی لە بازنەی زانستە کۆمەڵایەتی و مرۆییەکاندا ئەنجام دەدات، بە تایبەتی لەسەر سیاسەتی پەروەردەیی، هەڵسەنگاندنی بەرنامەکانی خوێندن، ناسنامەی نەتەوەیی، پڕۆسە پەروەردەیی و کۆمەڵایەتییەکانی بنیاتنانی دەوڵەتی نەتەوەیی، لێکۆڵینەوەی ئەدەبی و فەرهەنگی.
پسپۆڕیی سەرەکیی د. عەبدوڕەحمان لە کۆمەڵناسیی پەروەردەدایە، کە گرنگی دەدات بە پرسەکانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، داڕشتنی سیاسەتی پەروەردەی گشتی، بڕیاردان و سەرکردایەتی دیمۆکراتی لە سیستەمە پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا.”
Category / پۆلێن / الفئة :
Teacher Professional Development / گەشەپێدانی پیشەیی مامۆستا / التَّطوير المِهَني للمعلِّم
Seminar Title / ناونیشانی بابەت / عنوان الندوة :
پەروەردەناسیی ڕەخنەیی لە پۆلدا
Abstract / پوختە / الملخص :
پەروەردەناسیی ڕەخنەیی قوتابخانەیەکی فیکریی پەروەردەییە و بە شێوەیەکی ورد و لەسەر بنەمای کۆمەڵێک ئاراستە و هەڵوێستی پەروەردەیی و سیاسی و کۆمەڵایەتی کار لەسەر پڕۆسەی پەروەردەیی دەکات. ئەم قوتابخانەیە لە کوردستاندا کەمتر ناسراوە و بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و پلەبەند گفتوگۆ و کاری لەبارەوە نەکراوە. ئەو مامۆستا و خوێندکارانەی هەردوو کتێبی (مەلەی دژەڕەوت: پەروەردە لە ڕوانگەیەکی ڕەخنەییەوە) و (پەروەردەناسیی ڕەخنەیی: پەروەردەی دیمۆکراتی و گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی)یان خوێندووەتەوە کەمتازۆر بنەما تیۆرییەکانی پەروەردەناسیی ڕەخنەیی دەناسنەوە. بەڵام بەردەوام کۆمەڵێک پرسیاریان هەیە لەبارەی تەفسیرکردنی ئەم بنەمایانەوە لە پۆل و لە ژیانی پیشەیی مامۆستایاندا. ئەمانە بەشێکی پرسیارەکانن: ئەوانەی باوەڕیان و بە تێزەکانی پەروەردەناسیی ڕەخنەیی هەیە بیرکردنەوە و کردرایان لە پۆلدا چۆنە؟ چ جۆرە ڕێگەیەک لە پۆلدا بە کار دەبەن لە مامەڵەیاندا لەگەڵ خوێندکار و بەرنامەی خوێندن و ڕێسا و سیستەمی پەیڕەوکراوی قوتابخانەدا؟ ئایا بۆچوون و هەڵوێستەکانی پەروەردەناسیی ڕەخنەیی بۆ واقیعی پەروەردەیی کوردستان دەست دەدەن، یان تەنها کۆمەڵێک قسەی تیۆری و گشتین؟ لەم سێمینارەدا هەوڵ دەدەم وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەمەوە و نموونەی واقیعی لە ئەزموونی خۆم و خوێندکارەکانمەوە پێشکەش بکەم. لە وەڵام و نموونەکانەوە ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە ژمارەیەکی زۆری ئەو مامۆستایانەی لە خەمی ڕاستەقینەی پەروەردەدان و هۆشیاری کێشە و ئاریشەکانی مامۆستایەتی و پۆل و خوێندنن دەتوانن لەنێو بازنەی پەروەردەناسیی ڕەخنەییدا ڕێکوپێکتر بگەنە ئامانجەکانیان.
Keywords / وشە سەرەکیەکان / الكلمات المفتاحية :
پەروەردەناسیی ڕەخنەیی، ڕێگەکانی وانەگوتنەوە، پۆلی خوێندن، میتۆد، مامۆستا