Dr. Abdurrahman Ahmad Wahab
Tishk International University
A Short Bio / زانیاری کەسیی / سيرة ذاتية قصيرة :
دکتۆر عەبدوڕەحمان ئەحمەد وەهاب لە فاکەڵتیی پەروەردەی زانکۆی نێودەوڵەتیی تیشک مامۆستایە. لە بواری زانستە کۆمەڵایەتی و مرۆییەکاندا توێژینەوە دەکات. لە توێژینەوەکانیدا جەخت لە هەڵسەنگاندنی سیاسەت و بەرنامە پەروەردەییەکان، کۆمەڵناسیی پەروەردەیی، سیستەمی سیاسی و پەروەردەیی دەوڵەت و، دیراساتی فەرهەنگی و ئەدەبی دەکاتەوە. دکتۆر عەبدوڕەحمان دوو کتێب و چەندین توێژینەوە و نووسینی لەبواری پەروەردەدا بڵاو کردووەتەوە. لە ڕوانگەیەکی سیاسی-کۆمەڵایەتییەوە (پەروەردەناسیی ڕەخنەیی) دەڕوانێتە بابەتە پەروەردەییەکانی هەرێمی کوردستان و شیکاریی کارکردی پێکهاتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی وەکوو قوتابخانە و زانکۆکان لە دیارکردنی پێگە و مامەڵە کۆمەڵایەتییەکاندا دەکات.
Category / پۆلێن / الفئة :
Employability & 21st Century Skills
Seminar Title / ناونیشانی بابەت / عنوان الندوة :
پەروەردەکردنی جووتیار: چی بکرێت و چی نەکرێت؟
Abstract / پوختە / الملخص :
لەم گوتارەدا باسی پڕۆسەی پەروەردەکردنی جووتیار دەکەم و تیشک دەخەمە سەر تایبەتمەندییەکانی پەروەردەیەکی دروست و بەرهەمدار لە گوندەکاندا. بۆ ئەم مەبەستەیش ئاماژە بە هەندێک لایەنی فەرهەنگ و ژیانی جووتیاران دەکەم و باسی ئەو بنەما و پێکهاتە گرنگانەیش دەکەم کە لە پڕۆسەی پەروەردەی جووتیاراندا پێویستن. گرنگە ئەوە بزانین کە کشتوکاڵ و جووتیاری تەنیا پیشە و پسپۆڕی نین، بەڵکوو جۆرێکن لە ژیان و فەرهەنگ و دنیابینی. پێوەر و نرخە ماددی و مەعنەوییەکان لای جووتیار جیاوازن لەوانەی لای کرێکار، بازرگان، یان مووچەخۆر هەن. کرێکار لە بنەمادا دەبێت پێش وشکبوونەوەی عارەقی نێوچاوانی مافی خۆی وەربگرێت و، مووچەخۆریش بڕیارە پاش تەواوبوونی مانگەکە مووچەکەی بێتە دەستی. بەڵام جووتیار بەپێی جۆری بەرهەم و وەرز و زۆرجاریش ساڵەوساڵ چاوەڕێی هاتنەدەستی بەری ڕەنجەکەی دەکات. بەشێکی گرنگی ئەو فەرهەنگ و دنیابینییەی ژیانی جووتیار ئەنجامی سروشتی پیشەکەیە کە حاڵەتە سروشتییەکانی کەشوهەوا و وەرزەکانی ساڵ و خاک و تۆو و ئەمانە کاری لێ دەکەن. چاوەڕوانی و پشوودرێژی، بە نموونە، بەشێکی گرنگی ئەو فەرهەنگەن. ناسینی فەرهەنگ و دنیابینیی کشتوکاڵ و جووتیاری لە پلاندانان و دامەزراندنی پڕۆسەی پەروەردەی گوندنشینان و جڤاکە هاوشێوەکاندا گرنگە. سیستەمی پەروەردە و فێرکاری بۆ پێگەیاندنی کرێکار، کارمەندی پیشەسازی، یان مووچەخۆر ناتوانێت پەرە بە هەڵوێستی جووتیارانە و پێشخستنی کشتوکاڵ بدات. کە وایە جووتیار چۆن پەروەردە دەکرێت؟
Keywords / وشە سەرەکیەکان / الكلمات المفتاحية :
پەروەردەکردنی جووتیار، گوندنشین، سیستەمی پەروەردەیی، بەرهەمداری، خوێندنی پێوەندیدار